لابردنی زمانی كوردی لة تابلۆكانی هاتوچۆ لە شاری كەركووك

لابردنی زمانی كوردی لة تابلۆكانی هاتوچۆ لە شاری كەركووك

08.01.2022

ڕاشیل ئەفراهام نوسیویەتی

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك لە كوردستان 24 زمانی كوردی لەسەرجەم تابلۆكانی كەركووك لابردرا. لەئەنجامدا تەنها عەرەبی و ئینگلیزی بەشێوەیەكی كاتی لەشارەكەدا مایەوە سەرەڕای ئەوەی شارەكە بەپێی مێژوو شارێكی كوردیە. لەپاش ناڕەزایی هاوڵاتیانەوە دووبارە ئەو تابلۆیانەیان گەڕاندەوە كە زمانی كوردیان لەسەرە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سیروان مەنسووری كە ڕۆژنامەنووسێكی كوردی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ڕایگەیاند: “لەرٍووی مێژووییەوە زمان گرنگترین هێمای كلتووریە بۆ هەر نەتەوەیەك. بەڵكو بۆ كورد زۆر گرنگترە چونكە ئەوان نەتەوەیەكی دابەشكراون و كەسانی دیكە خاكیان داگیركردوون، كەواتا هیچ شتێكیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە زمانەكەیان. لەڕووی مێژووییەوە، هەوڵی زۆر هەبوو بۆ سڕینەوە زمانی كوردی، بەڵام تاكو ئێستا سەركەوتوو نەبوون”.

بەگوێرەی قسەكانی مەنسووری، ” لەپاش لابردنی ڕژێمی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، مادەی 4 لە بەندی 1 لە دەستووری عێراق هاتووە كە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمین. هەروەها لە دەستووری نوێدا مادەی 104 لەخۆ دەگرێت كە بەڕوونی جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئایندەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی وەكو كەركووك لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە دیاری دەكرێت. بەڵام كێشەكە تەنها لە پابەندنەبوونی حكوومەتی عێراقی نەبوو بە دەستوور تاكو ئێستا، بەڵكو بەپاڵپشتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كەركووك داگیركرا و بووە هۆی لەدەستدانی شارەكە لەلایەن كوردەكانەوە كە لەبنەڕەتدا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دبرا.

“مەنسووری باس لەوە دەكات كە دۆخی كوردەكان لە ئێران لەوەی عێراق خراپترە، چونكە تاكە زمانی فەرمی فارسیە: ” بەپێی هەردوو مادەی 15 و 19 لە دەستووری ئێرانی، ڕێگە بە فێركردن و فێربوونی زمانەكانی دیكە دەدرێت لە قوتابخانەدا، بەڵام ئەمە ڕوونادات. لە قوتابخانە و زانكۆكان ڕێگە بە خوێندن نادرێت بە زمانی كوردی و مناڵانی كورد لەتەمەنی 6 ساڵیەوە ناچار دەكرێن بە خوێندن بە زمانی فارسی. لەگەڵ ئەوەی ڕێگەیان داوە بە بڵاوكردنەوەی هەندێك كتێب و گۆڤار بە زمانی كوردی، بەڵام ناوەڕۆكی ئەو كتێب و گۆڤارانە لەژێر چاودێری توندی حكوومەتدایە”.

مەنسووری هەروەها جەختیكردەوە كە پتر لە ملیۆنێك كورد لە ئێران ئەژین بەڵام “مافی ئەوەیان نیە بەزمانی دایك فێربن و بخوێنن. كچێكی كورد بەناوی زەهرە موحەمەدی دەستگیركرا بەهۆی ئەوەی مناڵانی فێری زمانی كوردی ئەكرد وەكو بەشێك لە كارەكانی لە ڕێكخراوێكی ناحكوومی بەناوی نۆژین و سزای زیندانی بۆ ماوەی 5 ساڵ بەسەردا سەپێنرا. لەم دواییەدا نامەیەكی نهێنی ئاشكرا كراكە تێدا حكوومەت فەرمانی كردووە ناوی دوكان و فرۆشگا و شەقامەكان و هتد تەنها بەزمانی فارسی بێت”

بەگوێرەی قسەكانی مەنسووری، هەروەها حكوومەتی ئێرانی ناسنامە و بڕوانامەی لەدایكبوون ناداتە ئەو مناڵانەی ناوی كوردیان هەیە، بۆیە باوكان زۆرجار ناچارن ناوی مناڵەكانیان بۆ ناوی فارسی بگۆڕن. ئێرانیەكان تەنها دان بە ناسنامەی فارسی ئەنێن و پێان وایە هەموو نەتەوەكانی دیكە لە ئێراندا بەكوردیشەوە تەنها خێڵن یاخود نەتەوەی لاوەكین. ئەوان تەواوی هەوڵیان ئەدەن بۆ سڕینەوەی ناوە كوردیەكان لە شەقام و ڕێگا و دێهات و تەنانەت شاخ و ڕووبارەكان”. لەگەڵ ئەوەشدا مەنسووری باس لەوەدەكات كە ڕژێمی سووری بەشێوەیەكی خراپتر مامەڵە لەگەڵ كوردەكاندا دەكات: “دەردی كوردەكان لەوێ لەڕابردوو خراپترە. پتر لە ملیۆن و نیوێك كورد لەوێدا بەبێ ناسنامە و بڕوانامەی لەدایكبوونن. ڕێگەیان پێنادرێت لە شوێنە گشتیەكاندا بە كوردی قسە بكەن.

فێربوونیان تەنها بەزمانی عەرەبیە. ناوی شار و شارۆچكەكان گۆڕا بۆ زمانی عەرەبی. بۆ نموونە، كۆبانی كە شارێكی كوردی زۆر گرنگە لە سووریا گۆڕا بۆ عەین العەرەب. لەپاش ئەوەی شەڕی ناوخۆیی بووە هۆی بوون بە ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆ، بارودۆخەكە لەو ناوچانە باشتربوو و دووبارە ناوی شار و لادێكانیان بۆ زمانە ڕەسەنی كوردی خۆیان گۆڕیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕژێمی ئەسەد چەندین جار هەوڵی دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە كوردیەكانی دا، بەڵام ڕژێم وەكو پێویست بەهێز نیە بۆ ئەوەی ئەو كارە ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، جیهادیە سووریەكان لەساڵی 2018 هەندێك لە ناوچە كوردیەكانیان كۆنترۆڵكرد و دۆخی كوردەكان لەو ناوچانە باش نیە. بەڵام لەو ناوچانەی بەعسیەكانی سەر بە ئەسەد یاخود جیهادیە سووریەكان دەسەڵاتیان بەسەردا نیە “كوردەكان هەندێك ئازادیان هەیە و دۆخیان بەرەو باشی ئەڕوات”. لەكۆتاییدا، مەنسووری ڕایگەیاند: “كەسانێك هەن هەموو شتێك ئەكەن بۆ ڕێگریكردن لە كوردەكان لە فێربوون و قسەكردن و فێركردن بەزمانی دایكیان. بەئامانجكردنی زمانی كوردی ئەبێتە هۆی سڕینەوەی نەتەوەی كورد، چونكە زمان ئاماژە بە نەتەوەیان ئەدات. ئەمە جۆرێكە لەجۆرەكانی جینۆسایدكردنی كلتووری كە پێویستە كۆمەڵگا نەتەوەییەكان ئیدانەی بكەن”.

הרשמו| לקבלת מידע ועדכונים
  • This field is for validation purposes and should be left unchanged.